مەرجی مەسعود بارزانی بۆ وازهێنان لە دەستەڵات
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ واز هێنان لە دەستەڵات، مەرجی پێکهاتنی دەوڵەتی گواستنەوەی کردووە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی دەنگی عێراق بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی ناوەندی نیشتیمانیی دەنگ و باس،دوابەدوای گوشارهێنانی بڕێک لە پارت و لایەنە کوردییەکان بۆ کشانەوەی بارزانی لە دەستەڵات، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند: مەسعود بارزانی کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەر چووە، وازهێنانی لە دەستەڵات بەستووەتەوە بە پێکهاتنی دەوڵەتێکی گواستنەوەی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیی برازای.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە ناوی نەبردراوە، تیشکی خستووەتە سەر داخوازییەکەی مەسعود بارزانی لە پاشای عەرەبستان بۆ نێوەندگری کردن بە مەبەستی دەست پێ بوونی دانوستان لە نێوان هەولێرو بەغدا بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و وتووشیەتی: عەبادی لە وەڵامی پاشای سەعودی دا پێی داگرتووە کە هیچ ڕێگاچارەیەک لە بەردەم هەولێر و بەغدادا نییە کشانەوەی مەسعود بارزانی نەبێت.
هەروەها لە بەیاننامەکەی ڕۆژی پێنج شەممەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دا هاتووە: حەیدەر عەبادی بەس هەڵوەشانەوەی دەرەنجامی گشتپرسییەکەو ڕێز نان لە یاسای بنەڕەتیی عێراق بۆ دانوستان لەگەڵ هەولێر قەبووڵ دەکات.
ڕێبوار کەریم مەحمود وتەبێژی هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری لە کوردستانی عێراق ماوەیەک لەمەو پێش ڕایگەیاند: پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ چالاکییەکی ئەوتۆی نەبووە، دەبێ وێڕای سەندنەوەی متمانە لە حکومەتی هەرێم، چالاکییەکانی خۆی دەست پێ بکاتەوە.