نێچیرڤان بارزانی بوو بە بەرپرسی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا
هاوکات لەگەڵ دەست لەکار کێشانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان عێراق، نێچیرڤان بارزانیی برازای بوو بە بەرپرسی دانوستانەکانی هەولێر لەگەڵ دەوڵەتی بەغدا .
خولی دوانزە ساڵەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی بە سەر هەرێمی کوردستان عێراق دا، ڕۆژی چوار شەممە یەکەمی نوامبەر بە شێوەی فەرمیانە کۆتایی هات و نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی بەجێ هێڵا.
مەسعود بارزانی پێشتر لە نامەیەک دا بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند بوو کە ئیدی هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی ئەم پۆستە نادات.
مەسعود بارزانی یەکەمجار لە ساڵی 2005 دا لە ڕێگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق و دووهەم جار لە ساڵی 2009 لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبژێردرا.
ماوەی خولی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی لە کۆتایی هاوینی 2013 دا بەسەر چوو، کەچی نوێنەرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە دانیشتنێکی پەرلەمانی هەرێم دا لە ژوئەنی ساڵی 2013 بە تێپەڕاندنی گەڵاڵەیەک لە سەر ئەوە ڕێک کەوتن کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و گشتپرسی بۆ دووساڵ بخرێتە دوا.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ڕەزامەند بوو بە دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە نێوان دەوڵەتی خۆجێیی و پەرلەمان و هێزی دادەوانی.
مەسعود بارزانی دوای ڕاگەیاندنی واز هێنانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە دەوڵەتی بەغدا گشتپرسییەکەی هەرێمی کردووە بە بیانوویەک بۆ پەلاماردانی کوردستانی عێراق.
بارزانی هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کرد کە، ئامانج لە بەڕێوەبردنی گشتپرسیی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، چارەسەر کردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بووە.
ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی دووشەممە 25 سپتامبەری 2017 لە ئەنجامی پێداگریی مەسعود بارزانی و ئامانجە تاکەکەسییەکانی بەڕێوەبرا کە ئەم کارە وەک پێشێلکرانی یاسای بنەڕەتیی عێراق و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لێک دەدرێتەوە.