نامەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نێچیرڤان بارزانی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتیانە، لە ڕێگەی دانوستانێکی سیاسییەوە، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن و رایگەیاندووە "هەردوولا هاندەدەم هەنگاوی پێویست بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بنێن تاکو بتوانن تیایدا دانوستانێکی ڕاستەقینە ئەنجام بدەن".
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشتووە و ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی نیشان دەدات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە چەندین بۆنەی ئاشکرادا، کرانەوەی خۆیان بۆ دانوستان دەربڕیوە.
بەپێی هەواڵەکە، لە نامەکەیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، گۆتێرێس نووسیویەتی "لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و بەهێزکردنی زیاتری ئارامی لە ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیەی کە هێشتا ڕێکخراوی داعش دروستی دەکات، پێویستە ئەو ئارامییەی هاتۆتە ئاراوە بپارێزێت".