لە هەولێر مۆڵەت نەدرا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە عەفرین
پارێزگاری ھەولێر، رێگەی نەدا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی مەدەنیانە بۆ پشتگیری کردن لە کانتۆنی عەفرین، سەرۆکی رێکخراویEnough(ئینەف)یش رایگەیاندووە: ئەوان بەردەوام دەبن لە ھەوڵە مەدەنی و یاساییەکانیان.
ھێمن مامەند، سەرۆکی رێکخراویEnough(ئینەف) رایگەیاندووە: ڕۆژی یەک شەممە وەکو رێکخراوی Enough(ئینەف)بەفەرمی داوای مۆڵەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی جەماوەریی گەورەیان لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لەشاری ھەولێر، ئاراستەی لیژنەی ناوخۆی پارێزگای ھەولێر کرد، بەڵام دوای نیو کاژێر، لەپێشکەشکردنی داواکە، لێپرسراوی لیژنەی ناوخۆ لەپارێزگای ھەولێر لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنی پێی راگەیاندین کە لەسەرووی خۆی ئاگادارکراوەتەوە ،کە کونسوڵخانەی تورکیا، ئامادەنییە پێشوازی لەخۆپیشاندەران بکات و مۆڵەتی خۆپیشاندانەکەیان رەتکردەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە بەردەوام دەبین و لە رێگەی مەدەنی و یاسایی ھەوڵەکانی خۆمان زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەری بۆ پشتگیری لە عەفرین ئەنجام بدەین".
ماوەی ٢٠رۆژە لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە و لە بەشێک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش خۆپیشاندان بۆ پشتگیریی عەفرین بەڕێوەچووە.
ئەمڕۆش بڕیارە لە شاری سلێمانی خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بۆ پشتیوانی کردن لە عەفرین و شەرمەزارکردی هێرشی دەسدرێژکارانەی تورکیا بۆسەر عەفرین بەڕێوەبچێ .