شەرتی بەغدا بۆ دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق
ئەندامی کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێڕاق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی مەرجدار کردووە بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، لەحاڵێکدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچەند مانگی ڕابردوودا جەختی کردووە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاش لێکدانەوەی پێویست، دەداو حەوتەی ڕابردووش بەفەرمیی ڕایگەیاند کە پێش هاتنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی پەروەردەو بارهێنان و تەندروستی و پزشکیی هەرێم دەدا، جەببار عەبادی نوێنەری پەرلەمانی عێراق کە کەسێکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانە، وتی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەو مەرجە دەدرێ کە هەرێمی کوردستان رۆژانە٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت کە لەیاسای بودجەی٢٠١٨ی عێراق دیاری و پەسەندکراوە، ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات.
ئەندامی کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی کە ئەگەر هەرێم داواکانی بەغدا جێ بەجێ بکات، مووچەی فەرمانبەرانیش قۆناخ بە قۆناخ دەدرێ و قەرزەکانی هەرێم بە حکومەتی عێراق ڕێگرنابێ لەبەردەم ئەو کارەو درانی ئەو مووچە تەنیا بۆ ئەم مانگە نابێ و لەمانگەکانی داهاتووش بەردەوام دەکرێ.
حکومەتی عێراق لەساڵی٢٠١٤دا و پاش ناکۆکی سیاسی لەگەڵ هەولێر، دەستی کرد بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق و هەروەها بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.