یەکێتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان: ئاسایش لەهەولێر حورمەتی مامۆستای شکاند
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i332064-یەکێتی_مامۆستایانی_هەرێمی_کوردستان_ئاسایش_لەهەولێر_حورمەتی_مامۆستای_شکاند
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان شەقهەڵدان لەمامۆستایەک بەتوندی شەرمەزار دەکات و رایدەگەیەنێت: بینیمان لەلایەن ئاسایشیەوە هێرش دەکرێتە سەر مامۆستایەک، بۆیە داوا لەبەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین بەپەلە لێکۆڵینەوە لەو کارە نەشیاوە بکەن و سزای یاسایی دەستدرێژیکارەکە بدرێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 26, 2018 16:27 Asia/Tehran
  • یەکێتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان: ئاسایش لەهەولێر حورمەتی مامۆستای شکاند

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان شەقهەڵدان لەمامۆستایەک بەتوندی شەرمەزار دەکات و رایدەگەیەنێت: بینیمان لەلایەن ئاسایشیەوە هێرش دەکرێتە سەر مامۆستایەک، بۆیە داوا لەبەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین بەپەلە لێکۆڵینەوە لەو کارە نەشیاوە بکەن و سزای یاسایی دەستدرێژیکارەکە بدرێت.

 

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ PUKmedia نێردراوەو  ئیمزای  "قادر خزر" سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی لەسەرە، دەڵێت: بە بەرچاوی خەڵکەوە ئیهانەی مامۆستا دەکرێت و حورمەتی دەشکێنرێت، ناکرێت دەزگاکانی حکومەت لەم پێشێلکارییە بێدەنگ بن، لەکاتێکدا پشتیوانی داواکاری مامۆستایانین و خۆپیشاندان و گردبوونەوەش مافێکی مەدەنی رەوای هاووڵاتیانە.

تەئکیدیش دەکاتەوە کە: مامۆستایان داوای قوتی ژیانی خۆیان دەکەن، بۆیە پێویستە حکومەت گوێ لەداواکارییەکانیان بگرێت.

ماوەی دوو رۆژە مووچەخۆران لەتەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشکەوتی مووچەو چەند داوکارییەکی دیکە خۆپیشاندان چالاکی مەدەنیان دەستپێکردوە، بەڵام لەسنوری هەولێرو دهۆک هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردن و رێگری گازی فرمێسک رێژو گوللەی پلاستیکیان بەکارهێناو چەند خۆپیشاندەرو چالاکوانێکی مەدەنی بریندار بوون، بەڵام پەلاماردانی ژمارەیەک کارمەندی ئاسایشی هەولێرو شەقهەڵدان لەمامۆستایەکی بەتەمەن و لێدان لەدکتۆرەیەک ناڕەزایی توندی لێکەوتەوە، سەرباری ئەوەش لەرۆژی دووەمی خۆپیشاندانەکاندا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر مامۆستاو چالاکوان لەهەولێرو دهۆک و سۆران و زاخۆ دەستگیرکراون و توندوتیژیی و رێگەش بەکەناڵەکانی راگەیاندن نەدرا روماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایی مووچەخۆران بکەن.