یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق : 56 ئەنداممان گیراون
بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی ئێراق راگەیاند" 56 ئەندامی حیزبەکەی لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی هەرێم دەستگیرکراون و تائێستا هەرتەنیا بەشێکیان ئازاد کراون."
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەغدا و سەرکردەی ئەو حیزبە لە بادینان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند " 56 ئەنداممان لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون؛ بەشێکیان ئازادکراون، ئێستا زانیاری تەواوی لەبارەی ئەوانەیان نییە هێشتا ئازادنەکراون".
بەپێی زانیاری راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو، لەکۆی 58 کەس کە لە خۆپیشاندانەکانی هەولێر و دهۆکدا دەستگیرکراون، 46 کەسیان ئەندامی یەکگرتوون، لەنێو ئەوانەشدا بەرپرس و کادیری باڵای حیزبەکەیان هەیە.
لە رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان شارە گەورە و بچووکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتەوە.
خۆپێشاندەران کە زۆربەیان مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتە جیاجیاکانن لە دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتی موچە توڕەن .