ئامادەیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نێوبژیڤانی لەنێوان هەولێرو بەغدا
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئێراق لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئەو وڵاتە ئامادەیی ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند بۆ نێوبژیڤانی لە نێوان هەولێرو بەغدا .
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، یان کوبیچ نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ئێراق دوانیوەرۆی ڕوژی پێنج شەممە لە هەولێر لەگەڵ نێچیروان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دیداری کرد .
ماڵپەڕی کۆڕی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لەم دیدارە ، یان کوبیچ وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە هەوڵی ئەرێنی هەولێر و بەغدا ، هیواداری دەربڕی کە وتووێژی جیددی تر لە ئامانجی چارەسەرکرانی گرفتەکان بکرێت .
ناوبراو ئامادەیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ هەرچەشنە نێوبژیڤانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی ئێراقی ڕاگەیاند .
لەبەرامبەریش دا ، نێچیروان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتی نێوان هەولێر و بەغدا، هیواداری دەربڕی کە وتووێژی جیددی بۆ چارەسەرکرانی گرفتەکان لەنێوان دوو لایەن بکرێت.