خۆپیشاندانی ناڕەزایانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق جارێکی تر دەستی پێ کرایەوە
ئەمڕۆ جارێکی تر خۆپیشاندانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شارە جۆربەجۆرەکان و بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە وەرنەگرتنی موچەی تۆکمەوتەواو دەستی پێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە یەکەمی ئاپریل شارومەندان و موچەخۆران و پزیشکان لە هێندێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە وەرنەگرتنی موچەکانیان جارێکی تر ڕژانە نێو شەقام و بازاڕەوەو هاوکات مانگرتنی مامۆستایان، پزیشکان و موچەخۆرانی ئەم ناوچانەش بەردەوامە.
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە شارەکانی سلێمانی، قەڵادزێ، کەلار، کۆیە، ڕانیە، خانەقین و چۆمان بەرپا کراوەو لە پارێزگای هەولێر، ناڕەزایان خۆپیشاندانەکەیان بەشێوەی مەرجدار ڕاگرتووە.
ئەم خۆپیشاندانە لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوو دەستی پێ کراوەو ناڕەزایان خوازیاری ئەوەن کە موچەی خۆیان بە تۆکمەوتەواوی و لەکاتی خۆی دا وەرگرن و هەروە ها باری ئابووریی هەرێمیش باشتر بێتەوە.
خۆپیشاندەران حەوتەی ڕابردووش لە ئەنجامی کاردانەوە پیشاندانی هێزەکانی ئاسایشت توندوتیژیی لێ کەوتەوەو کۆمەڵێکی زۆر لە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی هێندێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان قۆڵبەست کران.
خۆپیشاندانی ناڕەزایانەو مانگرتنی موچەخۆران لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە وەرنەگرتنی موچە، دواکەوتنی زۆر ماوەو کەم کرانەوەی لەڕادەبەدەری موچە دوابەدوای بەرنامەی دەوڵەت بۆ کەم کردنەوەی خەرج و بەرج لەژێر ناوی سیستێمی پاشەکەوت دەستی پێ کراو بەشێوەی ناوبەناویش بەردەوام بووە.
ئەم گرفتە دوای بڕانی بوجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا پاش ناکۆکییە سیاسییەکەی ساڵی 2014 سەری هەڵدا.