چوونەدەری بەتەواوی پەکەکە لە "شەنگال"ی ئێراق
فەرمانداری شەنگال هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئەنباری باکووری ئێراق چوونەدەری بەتەواوەتی شەڕڤانانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) جێگیر لەو شارەو کۆنترۆڵکرانی بەتەواوی ئەو شارە لەلایەن سوپاو هێزە سەربازی و ئاسایشیەکانی دیکەی ئێراقی ڕاگەیاند .
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ "فەهەد حامد" فەرمانداری شاری شەنگال سەبارەت بە باروودۆخی ئەم شارە وتی: هیچکام لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە شەنگالدا نەماونەتەوە و شەڕوانانی ئەم پارتە بە تەواوەتی ئەم ناوچەیان بەجێ هێشتووە و ئێستاکەیش هێزەکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا سەقامگیرین و تا سنووری سووریا تەنیا هەر هێزی سەربازیی ئێراقی دەبیندرێ.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو لە ڕێ و ڕەسمێکدا، هێزەکانی پەکەکە شەنگالیان بە تەواوتی بەجێ هێشت.
لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند کە لە درێژەی ئەو شتەی کە بە پاکتاو کردنی تۆکمەی ناوچەکە لە تیرۆر ناوی دەبات، پاش داگیر کردنی عەفرین ، هێزەکانی ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی پەکەکە لەشکەرکەشی دەکەن بۆ شەنگال و قەندیل لە باکووری ئێراق.
دوابەدوای ئەو هەڕەشە و گوڕەشەیە پەکەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە پاش دابین کرانی ئاسایشی شەنگال لە لایەن هێزە ئێراقییەکانەوە دڵنیا بوون لە پارێزرانی گیان و ماڵی ئێزدییەکان، ئەم پارتە هێزەکانی خۆی لە شەنگال دەباتە دەرەوە.