دیداری شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی
شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا(هەدەپە) بەسەفەر بۆ شاری سلێمانی ، لەگەڵ سەرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق دیداریان کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە، پاش دیداری شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) کە بۆ دیدار لەگەڵ پارت و باڵە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کردووە، مەلا بەختیار بەرپرسی کارگێڕیی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی: لەو دانیشتنەدا هەموو کێشەو گرفتەکان وهەروەها سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان شیکرایەوەو یەکێتی نیشتمانی خوازیاری چارەسەریی گیروگرفت و کێشەی کورد لەهەموو ناوچەکان لەڕێی وتووێژ و ڕێکارگەلی ئاشتیانە بوو.
مەلا بەختیار بەئاماژە بەوەی کە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان پاش سەردانی هەرێمی کوردستان وگەڕانەوە بۆ تورکیا ، قۆڵبەست و زیندانی کراوە، هیوای خواست، شاندی ئێستای ئەو پارتەش پاش گەڕانەوە بۆ تورکیا تووشی وەها چارەنووسێک نەبێ.
پەروین بولدانیش ڕایگەیاند، ئەو پارتە بەئامانجی دیدار لەگەڵ هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد سەردانی هەرێمی کردووەو درێژە دەدا بەهەوڵ و خەباتەکانی لەئاراستەی یەکڕیزیی کوردەکان.
ناوبراو وتی کە داگیرکەریی لەهەرکام لە ناوچە کوردنشینەکان ڕوو بدات، وەک ئەوەی وا لە عەفرین ڕووی دا، دەبێتە مایەی نیگەرانی کوردان و ئەو پارتە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی کورد وتووێژ دەکاو هەوڵدان بۆ دروست کردنی یەکڕیزیی لەنێوان پارتە سیاسییەکان ڕاناگرێ.