ڕاوێژکاریی شاندی ئەمریکی-ئینگلیزی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، ئەندامانی شاندێکی باڵای ئەمریکی-ئینگلیزی لەڕاوێژدایە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکووک.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بەگێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاپۆری دا؛ شاندێکی ئەمریکی-ئینگلیزی دانیشتنێکی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی عێراق بەڕێوەبرد سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، شاندی ئەمریکی-ئینگلیزی لە٢٥ی مارسی ڕابردوو سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد و لە٢٧ی مارسدا لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتخانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەهەرێمی کوردستانی عێراق کۆبۆوە.
سەرچاوەی ناوبراو پێی داگرت، لەڕەوتی ئەو دوو دانیشتنە لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و دروست کردنی ژووری هەڵمەتی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا لە باشووری کەرکووک ڕاوێژ کرا.
پێشتر هەواڵ و ڕاپۆر لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆ کەرکووک بڵاوکرابۆوە کە سەرچاوەیەکی نزیک لەسەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە.