پێشنیاری هەولێر بۆ بەغدا بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک
وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند کە هەولێر پێشنیاری کردووە بە بەغدا هەتا نەوتی کەرکووک لەڕێی هێڵی بۆریی نەوتی هەرێم بفرۆشێ و داهاتەکەشی بخرێتەبەردەست حکومەتی عێراق.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە لڤین پرێس، سفین دزەیی رایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەس پێ کردنەوەی هەناردەکرانی نەوتی کەرکووک پێشنیاری بە حکومەتی عێراق داوە نەوتی کەرکووک لەڕێی هێڵی بۆریی نەوتی هەرێم هەناردە بکرێ و بەرپرسایەتی فرۆشتنەکەشی لەئەستۆی بەشگەی فرۆشی نەوتی عێراق(سۆمۆ) بێت.
وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی کە بەپێی ئەو پێشنیارەی هەولێر، داهاتی فرۆشی نەوتی کەرکووک لەڕێی هێڵی بۆریی نەوتیی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکرێ.
هەروەها وتی کە بەغدا پێشوازی کردووە لەو پێشنیارە، بەڵام تائێستا وەڵامێکی فەرمیی نەداوەو هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەنێوان هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر هەناردەکرانی نەوتی کەرکووک، بەڵام هەوڵەکانی هەرێم لەوبارەوە بەردەوامە.
نەوتی کەرکووک پاش هێرشی داعش بۆسەر عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرا، بەڵام پاش١٦ی ئۆکتۆبری٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی کەرکووکیان گرتەدەست و هەناردەکرانی ڕاگیردرا.