کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاماره‌کانی هه‌رێمی کوردستانی راگه‌یاند
کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق رایگه‌یاند که له هه‌رێمی کوردستان 503 کاندید بۆ 46 کورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق کێبڕکێ ده‌که‌ن.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له هه‌رێمی کوردستان ده‌ستیپێکردووه".
وتیشی: "تێکڕا 503 کاندیدی لایه‌نه سیاسییه‌کان کێبرکێ ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی 46 کورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق".ئاماژه‌شی به‌وه‌دا که له هه‌رێمی کوردستان کۆی گشتی ده‌نگده‌ران سێ ملیۆن و 144 هه‌زار و 730 ده‌نگده‌ر هه‌ن و 25 قه‌واره به‌شدارن که 19 حزب و چوار هاوپه‌یمانی و دوو کاندیدی تاکن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که "357 کاندید پیاون و 146 کاندید ئافرەتن و به‌پێی یاسا پێویسته نوێنه‌رایه‌تی ئافره‌ت له سه‌دا 25 که‌متر نه‌بێت".
کۆمسیۆن داواشی له سه‌رجه‌م لایه‌ن و لیسته‌کان و کاندیده‌کان کرد پابه‌ندی رێنماییه‌کانی بانگه‌شه‌کردن بن و پێشێلکاری ئه‌نجام نه‌ده‌ن.لای خۆیه‌وه په‌خشان زه‌نگه‌که سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای کاروباری خانمان له کۆنفرانسه‌که‌دا وتی: "به هیچ شێوه‌یه‌ک ته‌شهیر و ناوزڕاندنی کاندیده ژنه‌کان له کاتی بانگه‌شه‌دا قبوڵکراو نییه و هه‌ر که‌س بیکات رێکاری یاسایی له دژ ده‌گرنه به‌ر".