بزوتنەوەی گوڕان : داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ٧٠٩ ملوین دوڵار
لێژنەی توێژینەوە ڕامیاریی و ئابووریەکانی بزوتنەوەی گوڕان ڕایگەیاند کە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق مانگی ڕابردووی زایینی گەیشتۆتە ٧٠٩ ملوین دوڵار.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس ، لەڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن لێژنەی توێژینەوەکانی سیاسی وئابووری بزوتنەوەی گوڕان لە مەڕ داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوە تەوە، هاتووە کە هەرێم لە مانگی ڕابردووی زایینی ڕۆژانە ٣٢٦ هەزارو ٧٧٤ بەرمیل نەوت ولە یەک مانگ دا بە گشتیی دە ملوین و١٣٠ هەزار بەرمیل نەوت ولە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیا فروشتووە. هەروەها هاتووە کە بە سەرنج دان بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی بۆ هەربەرمیل ٧٠ دوڵار ، داهاتی نەوتی هەرێم لە یەک مانگ گەیشتووەتە ٧٠٩ملوین وسەد هەزار دوڵار. هەرلەم حالەدا مالپەڕی هەواڵی لوین پرێس ڕاپۆرتی دا کە عەلی محەممەد ساڵح نوێنەری بزوتنەوەی گوڕان لە پەرلەمانی کوردستان وئەندامی کومسیۆنی ئابووری پەرلەمان بە بلاوکردنەوەی بابەتێک لە لاپەڕەی تاکی خۆیدا لە فیس بوک ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیاریەکی لە چارەنوسی داهاتەکانی نەوتی هەرێم لەدەسدا نیە وڕوون نیە کە ئەم داهاتانە لە کوێ وچلون خەرج دەکرێت.