دڵنیایی پێدانی سەرکۆنسولی ئێران لە سلێمانی لەبارەی پرسی ئاو
سەرکۆنسولی ئێران لە سلێمانی لەمەڕ بەردەوامیی ئاوی ڕووبارەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، سەعدوڵڵا مەسعودیان سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، جارێکی دیکە لەمەڕ ئاوی ڕووبارەکانی زابی گەورە، سیروان و ئەلەوەند بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا و وتی: ڕووبارەکانی زابی گەورە، سیروان و ئەلوەند هەروا بەردەوام دەبێ و لەسەر هەرێمی کوردستان ناگیرێنەوە.
مەسعودیان وتی: پێشتریش چەند ڕاپۆرێک لەمەڕ بڕانی ئاوی ئەو ڕووبارانەی لەئێرانەوە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان، بەدرۆ دەخەینەوەو ڕایدەگەیێنم ئاوی ڕووبارەکانی زابی بچووک ، سیروان و خانەقین کەمی نەکردووە. ئێمە شاندێکی پارێزگای سلێمانی و سەرکۆنسولی ئێرانمان پێکهێناو ئەو شاندە سەردانی ناوچەیان کرد. ئێمەش گرتەیەکی ڤیدیۆئیمان لە ماڵپەڕەکانی سەرکۆنسولخانە بڵاو کردەوە کە لەلایەن هاوکاران و دۆستانمان لە ڕووبارەکان تۆمار کراوەو لەو گرتە ڤیدیۆییانە بەئاشکرا دەبینرێن کە ئاوی هیچکام لە چۆمەکان نەگیراوەتەوە.
سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی وتی: ئەو دڵنیاییە بە گشت دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەدەم کە جێی هیچ نیگەرانییەک نییە. ئاوی ڕووبارەکان و هەروەها ژیان لەو ناوچانە بەردەوامە.