نێچیرڤان بارزانی: تیرۆر هیچ پێوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێداگری لە سەر پێویستیی پێشگری بە توندڕەوی ئایینی وتی کە نابێ تیرۆر بلکێندرێ بە ئایینی ئیسلامەوە.
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس؛ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ٢ی گەلاوێژ / ٢٤ی ژولای لە ڕێ و ڕەسمی دەست بە کار کردنی شەشەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی زانایانی ئایینی لە هەولێر ڕایگەیاند کە ئەو یەکێتییە تا بووە هەر پشتیوانی گەل و دەوڵەتی هەرێم بووە و لە خەباتی دژ بە توندڕەوی و ئیفرات دەورێکی گرینگیان لە هەرێمی کوردستان گێڕاوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێستاکە هەندێ کردەوە و ئاکاری تیرۆریستیی بە ناوی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێ، وتی کە نابێ تیرۆر بلکێندرێ بە ئیسلامەوە.
بارزانی وتی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پاسەوانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو هۆز و نەتەوە و ئایینیەکان بووە، ڕووداوە تیرۆریستییەکەی نیو باڵاخانەی پارێزگاریی هەولێری ئیدانە کرد و جەختی کرد لە سەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوە و خەباتی دژ بە بیر و بۆچوونی توندڕەوانە لە هەرێمیی کوردستاندا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مزگەوتەکان و یەکیتیی زانایانی ئایینی هەرێمی بە پشتیوانان و لایەنگرانی هەمیشەیی خەڵک و دەوڵەتی هەرێم زانی کە دەورێکی گرینگ و کاریگەریان لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و ئیفرات گێڕاوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کرد کە دەبێ بۆ پاراستنی هەموو لایەنەکان بیرر و هزری تیرۆریستیی بنەبڕ بکرێ.
کاژێر ٧ی سەر لەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر، سێ کەسی چەکدار پەلاماریان کردە سەر باڵاخانەی پارێزگاریی هەولێر کە ئەو هەڵمەتە تیرۆریستییە بە کوژرانی یەکێک لە فەرمانبەرانی پارێزگاریی هەولێر و بریندار بوونی هێزێکی ئاسایش و هەروەها کوژرانی هەر سێ پەلاماردەری چەکدار کۆتایی هات.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسایشی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە پەلاماردەرەکانی هەڵمەتە تیرۆریستییەکەی ئەم شارە ئەندامی داعش بوون.