سەفین دزەیی: بارزانی و عەبادی لە دۆسێی کەرکوکدا تەنیا باسی نەوتیان کرد
سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەکۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیدا، لە دۆسێی تایبەت بە کەرکوکدا تەنیا باسی نەوت کراوە.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە کوردیەکانی هەرێمی کوردستان ، دزەیی لەمیانی لێدوانێکی بۆ میدیای پارتی سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا باسیان لە رەوشی عێراق بە گشتی و گرنگی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپانەی داعش کردووە کە لە هەندێک ناوچە سەریانهەڵداوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەردوولا بەپێویسیانزانیوە کە لە بواری هەواڵگری و ئەمنیدا هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.سەفین دزەیی ئاماژەشیدا بەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا لە دۆسێی تایبەت بە کەرکوکدا باسی مادەی 140 نەکراوەو ئەوەی باسکراوە بریتی بووە لە چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەرێی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.دزەیی وتیشی، بەغدا پێشوازی لەو بیرۆکەیە کردووە.
میدیای فەرمی یەکێتی رەخنەی لە سەردانە تاکلایەنەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا گرت و رایگەیاند ئەو سەردانە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی بووە کە تێدا جەختیکردۆتەوە لەوەی پێویستە کورد بە یەک تیم لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات.