ڕێگای نێوان ھەولێر بۆ کەرکوک کرایەوە
ھەر ئەمڕۆ ڕێگا داخراوەکەی نێوان ھەولێر بۆ کەرکوک بە ئامادە بوونی کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، نۆزدەیەمی ئووت ، بە ئامادە بوونی کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان، جاددەی پەیوەندیی نێوان ھەولێرو کەرکوک کرایەوە.
بە پێی ھەواڵەکە کاربەدەستانی بەشداریی ئاھەنگی کرانەوەی ئەم جاددەیە لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە شێوەی فەرمی کرانەوەی ڕێگاکەیان ڕاگەیاند.
کرانەوەی ڕێگای نێوان ھەولێر بۆ کەرکوک دوابەدوای نۆژەن کرانەوەی پردە ستراتژییە داڕماوەکەی ئەم ڕێگایە کە لە پێکدادانی نێوان ھێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕووخا بوو، ئەنجامی گرتووە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو کاربەدەستانی عێراقی و ھەرێم چەندین کۆبوونەوەیان لە بارەی شێوازی نۆژەن کردنەوەی زیانەکان و کرانەوەی ئەم ڕێگایە ئەنجام دا.
بە گوێرەی ئەم ھەواڵە، بازگەکانی ئەم جاددەیە بەشێوەی ھاوبەش لە لایەن سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەوە پێک دێت و بەڕێوە دەبردرێت.
ڕۆژی ڕابردوو سەرکردەی پۆلیسی کەرکوک لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە پردە چێکراوەکە لە باتی پردەکەی«پردێ» کاتییەو ئاسایشت و پشکنینی جاددەکەش لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئەنجام دەگرێت و ھێزەکانی حەشدی شەعبی تیای دا بەشدار نابن.
ناوچەی پردێ لەو ناوچە ھەستیارانە دێتە ئەژمارو لە مانگی ئۆکتۆبەریی ساڵی ٢٠١٧ لەم ناوچەیەدا پێکدادانێکی قورس لە نێوان ھێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق کە بەنیازی پێشڕەوی بەرەو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر ڕکێفی پێشمەرگە بوون، ڕووی دا.
دوابەدوای ئەم تێکھەڵچوونانە ڕێگای پەیوەندیی نێوان ھەولێر و کەرکوک و پردە ستراتژییەکەی تێکڕووخاو جاددەکە داخرا.