دەس پێ بوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان دواخرا
کۆمیسیۆنی باڵاو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند کە کاتی یاسایی دەس پێ کرانی بانگەشەی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی هەرێم بۆ ماوەیەی حەوتەیەک دواخراوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ماڵپەڕی خەندان ڕاپۆری دا؛ سێ شەممە١٣ی خەرمانان(چواری سیپتەمبەر) و چەند خولەک پێش ئێستا، کۆمیسیۆنی باڵا و سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە کاتی یاسایی دەس پێ کرانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە دەس پێ بکرێ، بۆ ماوەی حەوتەیەک دواکەوتووە.
بەپێی هەواڵی دەس پێ کرانی ئەو بانگەشە بۆ ماوەی حەوتەیەک دواکەوتووەو لە حەوتەی داهاتووەوە دەس پێ دەکرێ.
ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر بڕیاربوو ئەو بانگەشە لە سبەی دەس پێ بکرێ و بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ هەتا سەرلەبەیانی سی سیپتەمبەر کە کاتی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی هەرێمی کوردستانە، درێژەی بێ و بە دواخرانی کاتی دەس پێ بوونی ئەو هەڵبژاردنانە، مۆڵەتەکەشی کەم دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە باس و خواس لەنێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێویستیی دواخرانی هەڵبژاردنەکان لەئارادایەو ئەوە لەکاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وکۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراودا، یەکێتی نیشتمانی بارودۆخی ئێستای هەرێم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بەگونجاو و لەبار نەزانیوەو یوسف محەممەد لە ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە دیمانە لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وتووێژ لەنێوان گۆڕان و سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بریتی لە؛ هاوپەیمانی بۆ دێموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی ، لەبارەی دواخرانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەئارادایەو ئەو چوار پارتە لەگەڵ دواخرانی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دان و هاوکات، بژارەی بایکۆتی بەکۆمەڵی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەو پارت ولایەنانەشەوە تاووتوێ دەکرێ.
هەروەها شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرێس کۆنفرانسێک ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەی گۆڕان نەیارە لەگەڵ درێژکرانەوەی ماوەی چالاکیی پەرلەمانی کوردستانیش و بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراو و یاسایی ، بەیەکێک لە پرەنسیپەکانی ئەو پارتە دێتە ئەژمار، بەڵام لەبەر بڕێک پرس وبابەت، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی تەیار نییەو ئەو ئەگەرە هەیە کە ڕادەی هاوبەشیی جەماوەر لەو هەڵبژاردنانە زۆر کەمتر بێ لە هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی ئێراق.