داوا بۆ دواخرانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کوردستانی ئێراق
وتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند کە یەکێتی نیشتمانی و چوار پارتی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بەفەرمیی داوای دواخرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە پارتی دیموکرات کردووە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، عەتا شێخ حەسەن لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئانادۆڵدا وتی کە یەکێتی نیشتمانی و چوار پارتی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان(هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی) خوازیاری دواخرانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی کوردستانن و ئەو داوایەیان بەفەرمیی لەپارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.
وتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەوپارتە سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراودا ، وتی کە هیچ هۆ و پاسایەکی مەنتقی بۆ دواخرانی هەڵبژاردنەکان لەبەردەستدا نییە.
ناوبراو وتی کە ئەگەری دواخرانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەئارادانییە، چونکە هەموو پێشەکییەکانی بەڕێوە چوونی ئامادەیەو سەقامی ئاسایشی پێویستیش لەهەرم هەیەو خەڵکی هەرێمیش بۆ دەنگدان و هەڵسەنگاندنی ئیرادەی خۆیان، ئامادەن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق رایگەیاند کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە سبەی سێ شەممەوە بەفەرمیی دەس پێ دەکرێ.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، شۆڕش حەسەن بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵاو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بەڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەو بانگەشەیە هەتا رۆژی٢٨ی سیپتەمبەر و پێش دەس پێ بوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان درێژەی دەبێ.
لەلایەکی دیکەوە ژمارێک پارت ولایەنی هەرێمیش خوازیاری دواخرانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان بوون و ژمارێکی دیکەش جەخت دەکەن لەسەر بەڕێوەچوونی لەکاتی دیاریکراودا.
هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە سی سیپتەمبەر بەڕێوە بچێ.