دەسپێبوونی بەفەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی ئێراق
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی ، بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی و یاسایی دەس پێ کراو پارت و لایەنەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنانە، بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان دەسپێکرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس ؛ ئەمڕۆ سێ شەممە یانزەی سیپتەمبەر بەشێوەی یاسایی و بەفەرمی و بەبڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەس پێ کرا.
ئەو بانگەشانە هەتا کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی٢٨ی سیپتەمبەر و بۆماوەی١٧رۆژ درێژەی دەبێ.
هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سیی سیپتەمبەر بەڕێوە دەچێ.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەو بانگەشەیە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەستی پێ بکرێ بۆماوەی بیست و پێنج ڕۆژ درێژەی ھەبێت، بەڵام بەبڕیاری کۆمیسیۆن کاتی دەس پێ بوونی بانگەشەکە بۆماوەی حەوتەیەک دواکەوتووە بۆیە، کاتی بانگەشەش کورت کراوەتەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی گرتووەو بەپێی دوائاماری ئەو کۆمیسیۆنەش سێ ملوێن و ٨٥هەزار و٤٦١ کەس لەو هەڵبژاردنانە لەهەرێمی کوردستان خاوەن مەرجی دەنگدانن و لەو ژمارەیە، دوو ملوێن و٩١١هەزار و٣١٣کەس بەشداری هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان دەبن.
هەروەها ١٧٤هەزار و١٤٨کەسیش بەشداری دەنگدانی تایبەت دەبن کە تایبەتە بە هێزە سەربازییەکان، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم وڕۆژێک پێش دەنگدانی گشتی ئەنجام دەگرێ.