پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i349124-پارتی_داوای_پۆستی_سەرۆک_کۆماریی_عێراق_دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات . "فازڵ میرانی "یشی بۆ ئەو پۆستە دەسنیشان کردووە .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 15, 2018 07:24 Asia/Tehran
  • پارتی  داوای پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات . "فازڵ میرانی "یشی بۆ ئەو پۆستە دەسنیشان کردووە .

سەرچاوەیەکی تایبەت بە شارپرێسی ڕاگەیاند "ئەمرۆ هەینی پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی پەیوەندییان بە یەکێتییەوە کردووە و داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان کردووە و هەروەها ناوی کاندیدێکیشیان بۆ پۆستەکە پێشکەش بە یەکێتی کردووە".

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد "ئەو کاندیدەی پارتی پێشکەشی کردوە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بەفەرمی بەیەکێتییان ڕاگەیاندوە کە ناوبراو کاندیدی پارتییە".

سەرچاوەکە وتیشی "پارتی لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی بە یەکێتییەوە کردووە، بۆیە ئێوارەی ئەمرۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەیەوەکی تایبەتی لەسەر ئەو داوایەی پارتی ئەنجامداوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بەپێی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ پارتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لایە و بەئیستیحقاقی خۆیشی دەزانێت و بەفەرمیش ڕەتیانکردووەتەوە ئەو پۆستە بدەنە هیچ لایەنێکی دیکە.

هەرچەندە تا ئێستا بەپێی میدیاکانی یەکێتی، حیزبەکە ناوی هەریەکە لە (د.مححمەد سابیر و مەلا بەختیار و فوئاد مەعسوم)یان تاوتوی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوشدا ناوی بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

سەرچاوە تایبەتەکەی شارپرێس ئەوەشی وت "ئەگەر بێت و یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەنە ڕێککەوتن ئەوە هەردوکیان بە جیا کاندید پێشکەش دەکەن و ئەوەش پەیوەندییەکانیان بەرەو خراپی دەبات".