کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
دەنگوەرگرتن لە هێزەکانی پێشمەرگە ، هێزە لەشکەریەکان و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆهەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی رابردوو کۆتایی هات .
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە بە کۆی گشتیی پرۆسەکە رێژەی دەنگدان %92 بووە.
بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆن ، دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی رۆژی هەینیەوە تاکو شەشی ئێوارە بەردەوامبوو و لە هەولێر رێژەی دەنگدان %92 بووە و سلێمانی-ش رێژەی بەشداریی %89,3 بووە.
لە دهۆک و هەڵەبجە-ش رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا %93 بووە.لە زاخۆ 8 هەزار و 647 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و لەم ژمارەیە 8 هەزار و 141 کەس بەشدارییان کردووە، کە دەکاتە رێژەی %93 و پۆینت 85ی دەنگدەران.
شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەنجامدانی گزیکاری و پێشێلکاری لە هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند، کە زۆرینەی ئەو خروقاتانە بەدۆکیومێنت تۆماریان کردووە و هاوکات چاوەڕوان دەکەن کە لە سبەینێوە سکاڵای قەوارە سیاسیەکان بگاتە دەستیان تاکو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ بکەن.
سبەی یەکشەممە سی ئەیلوول دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێ .