ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێ
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i350001-ئەمڕۆ_هەڵبژاردنەکانی_خولی_پێنجەمی_پەرلەمانی_کوردستان_بەڕێوە_دەچێ
ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێ و لەو هەڵبژاردنەدا ٧٧٣ بەربژار لە سەر دەس خستنی ١١١ کورسیی پەرلەمانی پێکەوە ململانێیان دەبێ.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 30, 2018 05:01 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێ

ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێ و لەو هەڵبژاردنەدا ٧٧٣ بەربژار لە سەر دەس خستنی ١١١ کورسیی پەرلەمانی پێکەوە ململانێیان دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ دەنگ وەرگرتنی گشتیی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی سێپتەمبەر/٨ی ڕەزبەر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ.

لەو هەڵبژاردنانەدا ٧٧٣ بەربژاری پارت و کۆتلە سیاسییەکان و هەروەها بەربژارانی سەربەخۆ لە سەر دەس خستنی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە ململانێ دەکەن.

بە پێی ڕێژە و ئاماری ڕاگەیاندراو لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵا و سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕفراندۆمی هەرێمی کوردستان، لەم هەڵبژاردنانە ٣ ملوێن و ٨٥ هەزار و ٤٦١ کەس لە شاروومەندانی هەرێم شیاوی دەنگدانن و لە هەولێردا ٤٩٩ بنکە و ٢ هەزار و ١٤٢ ناوەندی دەنگ دان و لە سلێمانی ٤٧٦ بنکە و ٢ هەزار و ٣٠٦ ناوەند و لە دهۆک ٣٥٧ بنکە و هەزار و ٣٦١ ناوەندی دەنگدان و لە هەڵەبجە ٣٨ بنکە و ١٣٢ ناوەندی دەنگدان خەریکی چالاکین.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە ٧٢ کاژێر پاش دەنگدان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێ.

ڕۆژی هەینیی ڕابردوو و ٤٨ کاژیر پێش دەنگدانی گشتیش دەنگ وەرگرتنی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی سەربازی و ئاسایشی هەرێمی ئەنجام دراوە و کۆمیسیۆنی ڕادەی بەشداری کردن لەو دەنگدانەی بە ٩١.٦٩% ڕاگەیاندووە.

"هەندەرین محەممەد" سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵا رایگەیاندووە کە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بە پارتەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنەیش ئەنجام دراوە و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندراوی ئەنجامی دەنگدانی گشتیش لە مێدیاکاندا ڕاگەیەندراوە.

خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوە چووە.