زیادکرانی ژماری چەکدارانی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستانی ئێراق
یەک لە فەرماندەرانی پەکەکە ڕایگەیاند کە ژماری چەکدارانی تورک لە ناوچەی "سیدەکان"ی هەرێمی کوردستان زیادی کردووەو بەڕێوەبەری ئەو ناوچەش پێی داگرت کە ئەگەری تێکهەڵچوونی قورس لەنێوان سەربازانی تورک لەگەڵ هێزەکانی پەکەکەدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ یەک لە فەرماندەرانی پەکەکە ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێ لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی "کەی ئێن ئێن" ڕایگەیاند کە لەرۆژانی ڕابردوودا، ژماری سەربازانی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی "سیدەکان"ی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەڕادەیەکی زۆر زیادی کردووە.
ناوبراو وتی کە تورکیا لەهەوڵ دایە هێزەکانی بگوێزێتەوە بەرزاییەکانی چیای "زران" و "کم کورا " لە حەوت کیلۆمتریی ناوەندی سیدەکان و بۆ ئەو مەبەستە لەدوو ڕۆژی ڕابردوو لەناوچەی برادۆست پێشڕەویی بووەو لەسەر ڕووباری شاپان لەو ناوچەش پردێکی سەربازی لێداوە بۆ گواستنەوەی هێزەکانی.
لەلایەکی دیکەوە، "ئێحسان چەلەبی" بەڕێوەبەری ناوچەی سیدەکانیش لە دیمانە لەگەڵ رادیۆ نەوا، وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی هەواڵی زیادکرانی ژماری چەکدارانی تورک، ڕایگەیاند کە بەزیادکرانی ژماری ئەو چەکدارانە لەناوچەو گۆڕانی بارودۆخی ئاووهەوایی، ئەگەری قووڵبوونەوەی شەڕ وپێکدادان لەنێوان ئەوان و هێزەکانی پەکەکەدا هەیە.
ناوبراو وتی کە ئەو تێکهەڵچوونانە بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دژوارکردووەوپەلامارەکانی تورکیاش خەساری زۆری لە ماڵ و مەزراکانیان و ژێرخانەکانی ئەو ناوچانە داوە.
سوپای تورکیا کە لەساڵانی ڕابردوو و بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، پێگەی هەواڵگری و سەربازیی لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، لەمانگی مارسی ئەمساڵی زایینی چووەتە نێو قووڵیی سی کیلۆمتریی خاکی هەرێم و پێگەکانی پەرە پێ داوەو رۆژانە شەڕ وپێکدادانی قورس لەنێوان سەربازانی تورک و هێزەکانی پەکەکە، ڕوو دەداو هاوکاتیش پەلاماری ئاسمانی و تۆپخانەیی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی گیان لەدەست دان و برینداربوونی دەیان شارومەندی سیڤیلی هەرێم، بەردەوامە.