پارتی : سەردانی شاندەکان بۆ بەغدا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن بەردەوامە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i351213-پارتی_سەردانی_شاندەکان_بۆ_بەغدا_بۆ_گەیشتن_بەڕێککەوتن_بەردەوامە
پارتی دیموکرات نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ بەشداریکردن لەحکومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام بەرپرسێکی ئەو پارتە دەڵێ ھێشتا سەردانی شاندەکان بەردەوامە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 22, 2018 05:26 Asia/Tehran
  • پارتی : سەردانی شاندەکان بۆ بەغدا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن بەردەوامە

پارتی دیموکرات نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ بەشداریکردن لەحکومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام بەرپرسێکی ئەو پارتە دەڵێ ھێشتا سەردانی شاندەکان بەردەوامە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن.

به پێی راپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێم ، "عارف ڕوشدی"، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند: "ئێستا ھاتوچۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدادا ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقەوە، بە تایبەتی ئێمە وەک پارتی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە، کە بەشداریمان لە کابینەی حکوومەتدا، پەیوەستە بەو پرەنسپە سەرەکییانەی کورد لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا، ئەوانیش شەراکەتی ڕاستەقینە و ڕێککەوتن و ھاوسەنگین، ئەوەیش ڕاستە داواکاریی پارتییە، بەڵام ئەمە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، چونکە حکومەتێک لەسەر ئەو سێ بنەمایە بینا بکرێت، تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکانی ئەمڕۆی عێراق چارەسەر دەکات".

دەربارەی سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ڕوشدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەردەوام شاندی پارتی سەردانی بەغدا دەکات، ڕۆژانی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد، تا دەگەین بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ھاتوچۆ و سەردانی شاندەکان لە لایەن ئێمە و بەغداشەوە بەردەوام دەبن.

هاوکات "ڤیان سەبری" ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقیش بۆ پێگەی فەرمی حیزبەکەی رایگەیاندووە "ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بێگومان پارتی وەک ھێزی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێگە و ڕۆڵی خۆی لە نێو پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا هەیە و، چەند ڕۆژی داھاتووش ڕوون دەبێتەوە ھەوڵەکان چ ئەنجامێکیان دەبێت."

لەبارەی ئەو پۆستانەی بەر پارتی دەکەون لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا دکتۆر ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە، ژمارەیەک وەزارەت بە کورد دەدرێن، لەوانەش پشکی شێر بەر پارتی دەکەوێت، چونکە لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوودا پارتی زۆرترین دەنگی بەدەست ھێناوە، بەڵام ھەندێ وەزارەتی خزمەتگوزاریش ھەیە پارتی دەیەوێ وەریان بگرێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە خزمەت بکات، ھەروەھا ئەگەر بێت و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بمینێت، ئەوە بێگومان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە."