پێشنیاری پێکھاتنی وەزارەتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لە نێو دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i353777-پێشنیاری_پێکھاتنی_وەزارەتی_پەیوەندی_لەگەڵ_بەغدا_لە_نێو_دەوڵەتی_ھەرێمی_کوردستان
سیاسەتڤانێکی ھەڵکەوتەی کورد پێشنیاری کردووە کە وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بۆ چاودێری کردن بە سەر پەیوەندییەکانی ھەولێرو بەغداو نەھێشتنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لە نێو دەوڵەتی تازەی ھەرێمی کوردستاندا پێک بێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 07, 2018 12:05 Asia/Tehran
  • پێشنیاری پێکھاتنی وەزارەتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لە نێو دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان

سیاسەتڤانێکی ھەڵکەوتەی کورد پێشنیاری کردووە کە وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بۆ چاودێری کردن بە سەر پەیوەندییەکانی ھەولێرو بەغداو نەھێشتنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لە نێو دەوڵەتی تازەی ھەرێمی کوردستاندا پێک بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس ، دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتڤانی ھەڵکەوتەی کورد لە وتووێژێکی میدیایی دا ڕایگەیاندووە: ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێستادا لەگەڵ گرفت و تەنگژەی زۆردا بەرەوڕووەو لە لایەکی دیکەشەوە گرفتی زۆریش لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا ھەیەو مەسروور بارزانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە چالاکییەکانی داھاتووی دا دەبێ لە یەکەم ھەنگاودا وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەست پێ بکات.

ئەم سیاسەتڤانە ھەڵکەوتەیەی کورد پێشنیاری ئەوەی کردووە کە وا باشترە بۆ چاودێری کردن بە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا و پێشگرتن بە قوڵ بوونەوەی زیاتری ئاڵۆزییەکان و چارەسەریی ناکۆکییەکانی ئێستا، وەزارەتێکی تازە لە نێو دەوڵەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە ناوی وەزارەتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دابمەزرێت.

ناوبراو پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە لە ڕێگای پێکھێنانی ئەم وەزارەتخانەیەوە پەیوەندییەکانی ھەولێرو بەغدا ببووژێندرێتەوەو لە پێش بە لێکدابڕان و تێکچڕژانی دووبارەی پەیوەندییەکان بگیردرێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان بوونی مەسروور بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە تیمێک زانی کە لەژێر چاودێریی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە ھاواھەنگیی ناوبراو کار دەکات و وتیشی: مەسرور بارزانی ساڵانێکی دوورودرێژ پێشینەی بەڕێوەبەرایەتی کردنی دەزگای ھەواڵگری و ئاسایشتی ھەرێمی کوردستانی بە ئەستۆ بووەو دیارە توانایی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوزدستانی عێراقی لە کابینەی  دەوڵەتی تازەش دا ھەیە.

جێگای ئاماژەیە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەسرور بارزانیی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ھەرێمیشی وەک پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ناساندووە.

لەم پەیوەندییەدا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق و بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژێردرانی مەسرور بارزانی وەکوو پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازییان کردووە، بەڵام پارتی بەرەی نوێ ڕەخنەی لەو ھەنگاوەی پارتی گرتووەو جەختی کردووە کە ئەم پارتە بۆی نییە ھاوکات دەست بگرێت بە سەر دوو پۆستی گرینگ لە ھەرێمی کوردستانداو ناتوانێ لە یەک کاتدا ھەم پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەدەستەوە بێت و ھەم سەرۆکایەتیی ھەرێم.