حەلبووسی: ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگی عێراقن و فەرامۆش ناکرین
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی شەوی رابردوو گەیشتە هەولێر، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی رۆژووی کوردانی ئێزدی، سەردانی پەرستگەی لالشی کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی شەوی رابردوو گەیشتە هەولێر، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی رۆژووی کوردانی ئێزدی، سەردانی پەرستگەی لالشی کرد.
ناوبراو هەروەها رۆڵی حکومەتی هەریمی کوردستانی بەرز نرخاند لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵبووین بەسەردانیکردنمان بۆ شارۆچکەی شێخان و پەرستگەی لالش بەیاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی عێراقی و برایانی ئێزیدیمان بەبۆنەی جەژنی رۆژووگرتن، هیوای تەندروستی باش و خۆشگوزەرانیمان بۆ خواستن. چونکە ئەوانیش مافیانە دڵخۆش بن بەبۆنەی جەژنیانەوە کە ماوەیەک بوو جەژن و شادی لە عێراق وەستابوو بەهۆی ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانییانەی کە عێراقییەکانی گرتبووەوە بەتایبەتی ئەو کارەساتە گەورە و ماڵوێرانییەی رۆڵەکانی برایانی ئێزیدیمان رووبەڕووی بوونەوە لەژێر دەستی گرووپی توندڕەوی تیرۆریستانی داعش کە زۆربەی شارەکانی وێران کرد و بەشێوەیەکی گشتیی زیانی بەهاووڵاتییانی عێراقی گەیاند، بەتایبەتیش کارەساتێکی مرۆییشی بەسەر برا و خوشکانی ئێزیدیمان هێنا کە پەڵەیەکی رەشی بەسەر نێوچاوانی هەموو مرۆڤایەتییەوە هێشتەوە". حەلبووسی گوتی: "ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە بەرپرسیارییەتی ئیزدییەکان وەک پەرلەمان کرد سەبارەت بە کوردانی ئێزدی و رایگەیاند: "ئێمەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕووی یاساییەوە ئەرکی زۆر دەکەوێتە سەرشانمان کە پەیوەستە بەقەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان،فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆیان، زامنکردنی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، دابینکردنی هەلیکار بۆیان و گەڕاندنەوەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکانی رۆڵەکانی نەینەوا بۆ دەستگرتن بە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی پارێزگاکە بۆ ئەوەی چیدی رێگە بەوە نەدرێت تیرۆریستان بگەڕێنەوە ناوچەکە و پشێوی دروست بکەنەوە.