هەڵمەتی ڕوبەڕوبونەوەی دیاردەی چەکداری لە هەرێم بەڕێوەدەچێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i356274-هەڵمەتی_ڕوبەڕوبونەوەی_دیاردەی_چەکداری_لە_هەرێم_بەڕێوەدەچێت
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ھەڵمەتێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی چەکداری ڕاگەیاند و داواش لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ھاوکاربن بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لەم بارەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 21, 2019 06:53 Asia/Tehran
  • هەڵمەتی ڕوبەڕوبونەوەی دیاردەی چەکداری لە هەرێم بەڕێوەدەچێت

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ھەڵمەتێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی چەکداری ڕاگەیاند و داواش لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ھاوکاربن بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لەم بارەوە.

بە پێی راپۆرتی شارپرێس ، رۆژی یەکشەممە ٢٠ی کانوونی دووەم دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی ڕاگەیاندوە لەژێر ناونیشان "ھەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکانی چەکفرۆشی".

دەستی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندە "لەڕوانگەی هەست کردن بە پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و وەک بەشێک لە ئەرکی خۆمان لە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لەدیاردە ‌و پیشێلکارییەکان و داکۆکیکردن لەمافەکانی ھاوڵاتیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە ‌و دوور لەتوندوتیژی و شەڕ و تاوان دەستی داوەتە ئەم کارە".

دەستی مافی مرۆڤ  ئاماژەی بەوەداوە  "دوای دوو ساڵ لەھەوڵی بەردەوامی بۆ ئەو بابەتە و بڵاوکردنەوەی ئامارەکان لەسەر ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن و تەقەکردن و ھەروەھا پێشکەشکردنی چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دەزگا ئەمنییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی چەکداری و داخستنی بازاڕەکان ، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕێکارێک خرایە ڕوو جێبەجێکرا بۆ کۆنترۆڵ کردنی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان بەدانانی خاڵی پشکنینی ھاوبەش و گەڕان بەناو کافتریا و چایخانەکان و چاودێری کردنی بازاڕەکان ، بەڵام بەداخەوە ماوەو کاتی بوونی ئەو ھەڵمەت و ھەوڵانە وایکردووە کە دوای ماوەیەک حاڵەتەکە ئاسایی بێتەوە و دووبارە چەندان حاڵەتی تەقەکردن وشەڕکردن بەچەک دەبیستین و ڕوو دەدات".

 دەستەکە ئەوەشی وتوە  "داوا لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ھاوکاربن لەماوەی ئەو ھەفتەیە و بەرنامەی تایبەت ڕێکبخەن لەسەر مەترسیەکانی چەک و دروست بوونی کۆمەڵگەی چەکداری و بوونی چەک لەماڵەکان ، ھەروەھا داوا دەکەین مامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەکارھێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەشداربن لەو ھەڵمەتە بۆ نەفرەتکردن لە چەک و دیاردەی چەکدارو بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی دەستی مافی مرۆڤ ھاتووە "لەڕیگەی نوسراوی فەڕمیەوە دەستەی مافی مرۆڤ کە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕیکارو پلانی تایبەت بۆ کۆنتڕۆل کردنی دیاردەی چەکداری و بازاڕەکانی چەکفرۆشتن و پێداچونەوە بە رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک و چڕترکردنەوەی ھەڵمەت و ھەوڵەکانیان بەتایبەت لەو ھەفتەیەی ھەڵمەتەکە لە ٢٠/١/٢٠١٩‌ تابەرواری ٢٧/١/٢٠١٩ بەھیوای ژیانێکی ئارام و ئاسودە بۆ ھەموان".