رەت کرانەوەی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هێزی هاوبەش لە ناوچە جێ ناکۆکەکانی عێراق
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەواڵی هاوپێوەند بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش لە ناوچە جێ ناکۆکەکانی عێراق، پێکهاتوو لە هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، لەلایەن ئەمریکاوە، درۆیەو راست نییە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس ؛ "جەببار یاوەر" لەدیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی "ئێس ئێن ئێن" سەبارەت بەو ڕاپۆر وهەواڵانەی لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچە جێ ناکۆکەکانی عێراق بڵاو بووەتەوە، بوونی هەرچەشنە ڕێککەوتنێکی لەوچەشنەی بەدرۆخستەوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە وتی کە تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزە ئەمریکییەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو هێزە هاوبەشەو یان گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و تەنانەت هیچ چاوپێکەوتنێکیش لەوبارەوە ئەنجامی نەگرتووە.
ناوبراو وتی کە ئێستا چەند تەباییەک لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە لەبارەی هاوکاریی وهاواهەنگی لەداهاتوودا بەڵام هیچ دانیشتنێک بۆ پراکتیکی کردنی ئەو هاواهەنگی و هاوکارییە بەڕێوە نەچووە.