قۆڵبەست کرانی دوو ئەمیری داعش لە هەرێمی کوردستانی عێراق
هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند؛ سێ ئەندامی داعش کە دووانیان ئەمیرن، قۆڵبەست کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، هێزی ئاسایشی ناوچەی گەرمیانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەو هێزە، دوو ئەمیر و ئەندامێکی چەکداری داعش لەو ناوچەو لە سلێمانی قۆڵبەست کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، دوو ئەندامی داعشی دەستگیرکراوی تەمەن٣٥ساڵان و کەسی سێهەمیش چل و سێ ساڵان بووەو یەکێک لەوان بە ناسنامەی ساختە چووەتە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیێندراوی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قۆڵبەستکرانی ئەو ترۆریستە داعشییانە، هاتووە: ئەندامانی گیراوی داعش لە ئەنجامدانی چەندین هەوڵە ترۆریستییەکان لەناوچەکانی حەویجەو حەمرین و موسڵ دەستیان بووەو لەو ڕێکخراوە، بەرپەسایەتی جۆراوجۆری لەئەستۆدا بووە.
لەدرێژەی ئەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: پاش شکست هێنانی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکان، دەس وپێوەندییەکانی ئەو ڕێکخراوە بە نهێنی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لەناوچەکانی دەربەندیخان و سلێمانی و بڕێک ناوچەی دیکە نیشتەجێ بوون.
لەکۆتایی ئەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: کەسانی گیراو لە لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەکان دانیان ناوە بە چەند هەوڵی ترۆریستی و هاوبەشیی لەچەند تێکهەڵچوون و بۆمب نانەوەو دووکەسیان لەبەر بەشدارییان لە چەند هەوڵێکدا، بریندار بوون.