سەفەری لێژنەی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق بۆ شەنگال
لێژنەیەک لە دەوڵەتی ناوەندیی ئێراقەوە، بە مەبەستی لێکدانەوەی باروودۆخی ئێستای شەنگال و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە و بوار خۆش کردن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارەی، سەردانی شەنگالی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ ماڵپەڕی هەواڵی ڕۆژنیوز راپۆرتی دا کە لێژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی "فەلاح فەیاز" فەرماندەری ئۆپەراسیۆنی نەینەوا لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە بەڕێ کراوە بۆ شەنگال و سەردانی ئەم شارەی کردووە.
ئامانج لەو سەفەرە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە شەنگال و گەڕاندنەوەی خەڵکەکەیەتی کە بە هۆی پە لاماری داعشەوە ئاوارە بوون و ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ئەو شاندەی دەوڵەتی ئێراق لە سەفەریدا بۆ شەنگال، لەگەڵ کاربەدەستان و کەسایەتییە ئێزدییەکان و نوێنەرانی هەموو چین و توێژێکی خەڵکی ناوچەکە دیداری کردووە و لەگەڵ ئەوان سەبارەت بە پێکهێنانی سیستەمێکی ئیداریی نوێ و هێزێکی سەربازیی تایبەت بۆ شەنگال بیر و ڕایان گۆڕیوەتەوە.
لەو دیدارەدا جەخت کراوە لە سەر ئەوەی کە دەبێ کێشە و گرفتەکانی شەنگال لە ڕێگای یاساییەوە چارەسەر بکرێ و بە دیاری کرانی قائیم مەقامی نوێ بۆ شەنگال و ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی ئەو ناوچەیە، بوار خۆش بکرێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
فەلاح فەیاز جەختی کرد کە دەبێ هێزەکانی نێو شەنگال بێنە نێو داڕشت و چوارچێوی هێزی سەربازیی ئێراقەوە و بەو لەونە ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەن.