قوباد تاڵەبانی: کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەردوولای وەڕەز کردووە
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ هەروولای ماندوو کردووە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمیانەی دیداری سلێمانی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی 3ی 2019 لە زانکۆی ئەمریکی ئەم شارە بەڕێوەچوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەدۆخی عێراق و هەرێم و جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کرد.
ناوبراو هەروها ئاماژەی بەژیانی خەڵک و خزمەتگوزاریی کرد و وتی:"خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی حوکمڕانیێکی باشترن لە حکوومەتەکەیان، ئێستاش حکوومەتێکی نوێ لە بەغدا هەیە، ژینگەی سیاسی گۆڕاوە".
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕوونکردەوە: پەیوەندیێکی بەهێز لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق هەیە و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ هەروولای ماندوو کردووە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد بەپابەندبوونی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمیش بۆ باشترکردنی پەیوەندیی و پێکەوە کارکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەرفەت دەڕەخسێت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش".
تاڵەبانی ئەوەشی وت: "لەبەردەم چوار ڕیانێکداین، ڕێگە کۆنەکە بەرەو نەهامەتی دەمانبات، یان ڕێگەی نوێ هەڵبژێرین دەمانبات بۆ ئارامی".
قوباد تاڵەبانی تەئکیدی کردەوە باشتر کردنی خزمەتگوزاریی و حوکمڕانی و شەفافیەت بەقسە ئاسانە، بەڵکوو بەکردەوە گرانە، بۆیە پێویستە لایەنەکان کاتێک تەرخان بکەن بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بەژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هەیە و نەخشەڕێگایێک بۆ چارەسەری کێشە گرنگەکان ئامادە بکەن".