حکومەتی هەرێم چالاکی و ئاهەنگە فەرمییەکانی جەژنی نەورۆزی ڕاگرت
ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی کوردستان بۆ قوربانیانی دوێنێی موسڵ ماتهمی ڕاگهیاند و چالاکی و ئاهەنگە فەرمییەکانی جەژنی نەورۆزی ڕاگرت.
ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی کوردستان رایگەیاند: خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ کارەساتی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە هاوڵاتیانی شاری موسڵ کە دوێنێ لە ڕوباری دیجلەدا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکەوە گیانیان سپارد".
ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: "لەیەکەم ساتی ڕوداوەکەوە هەمو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی تەندروستی و فریاگوزاری لە هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون بەدەم برینداران و لێقەومانهوه بچن و بە شێوەیەکی بەردەوام لە چاودێریکردنی ڕەوشەکەداین، ئەمەش بە ئەرکی نیشتمانی و برایەتیی هاوبەشمان دەزانین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار و هاوبەشی ماتەمی گشتییە لە عێراق و بەم بۆنەیەشەوە چالاکی و ئاهەنگە فەرمییەکانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێ.
دوێنێ پێنج شەممە بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی گەشت وگوزاریی لە ناوچەی "غابات"ی ڕووباری دیجلە لەنزیک موسڵ، پتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا یان بێ سەروشوێن بوون.
جێگری پارێزگاری نەینەوای عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی وتی : تائێستا تەرمی هەشتاو نۆ کەس لە کەسانی نوقمبوو لە بەلەمی وەرگەڕاوی گەشت وگوزاریی لە ڕووباری دیجلە لەئاو هێنراونەتە دەرو ١١٨ کەسیش بێ سەروشوێنن.
بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلعالەم؛ "ئەحمەد جبوری" یاریدەری پارێزگای نەینەوا وتی: بەلەمی نوقمبوو لە ڕووباری دیجلە ٢٨٧ سەرنشینی بووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، پتانسێلی بەلەمە نوقمبووەکە پەنجا کەس بووە کە بەهۆی باری زێدە، وەرگەڕا.
ناوبراو وتی: "کامێرا دانراوەکان لە دوورگەی گەشتیاریی واپێشان ئەدا کە ئەو بەلەمە هەڵگری ١٠٣ ژن، ٩٨ منداڵ و ٨٦ پیاو بووە".