پێشکەش کرانیی پرۆژەیاسای چاکسازیی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کۆڕی سەرۆکایەتی پەرلەمان
سەرۆکی فراکسیۆنیی پارتی دێمۆکرات لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: پرۆژە یاسای چاکسازیی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای ٦٨ نوێنەر ڕادەستیی لیژنەنی سەرۆکایەتی کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کورد پرێس، ئۆمێد خۆشناو لە پرێس کۆنفرانسێک دا ڕایگەیاندکە رۆژی پێنج شەممە ٢٨ـی مارچ، پرۆژە یاسای پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاکسازیی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ ئیمزای ٦٨ نوێنەر ڕادەستی لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
سەرۆکی فراکسیۆنیی پارتی دێمۆکرات لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی ئەم پرۆژە یاسایە بریتییە لە سێ بەشی سەرەکیی چالاک کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، گەڕاندنەوەی دەستەڵاتەکانی یاسایی ئەم پۆستە و هەروەها دیاریکردنی شێوەی هەڵبژێردرانی سەرۆکی هەرێم کە لە ساڵانی رابردوو هۆی ناکۆکیی بیروڕاو ئالۆزی لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.
ئۆمێد خۆشناو هەروەها گوتی:بە گوێرەی پرۆژە یاسای باسکراو سەرۆکی نوێی هەرێم لە قۆناخی ئێستا دا لە ڕێی دەنگی نوێنەرانی پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و پاشان لە کاتی چاکسازی و پەسەند کرانی دەستووری هەرێم، ڕێکاری یەکجاری بۆ هەڵبژێردرانی سەرۆکی هەرێم لە دەستوور دا ڕوون دەبێتەوە.
ئۆمێد خۆشناو بە ئاماژەدان بەم بابەتە کە نوێنەرانی یەکێتی، کۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی دەنگییان نەداوە بەم پرۆژە یاسایە،گوتیشی: پارتی لە بارەی ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان جگە لە فراکسیۆنەکانی پارتە ناوبراوەکان وتووێژی کردووە.
ناوبراو خوازیاری هەنگاوی خێرای لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بوو بۆ لێکدانەوە و پەسەند کرانی پرۆژە یاسای باسکراو بەمەبەستی خێرایی دان بە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی هەرێم .
پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ـی زایینی و ھەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە لە ئەستۆی مەسعوود بارزانی ڕێبەری پارتی بووە و ئەو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لەم پۆستە کشایەوە و دەستەڵاتەکانی سپاردە سەرۆک وەزیران،پەرلەمان و هێزی دادەڤانی هەرێم.