زەبر و زیانی لافاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان
هەستاوەی لافاو لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان، زەبر وزیانێکی قورسی داوە لە ماڵ و بینا و باڵاخانەکان، هەروەها ڕێگاکانی پێوەندیی نێوان شار و گوندەکانی داخستووە و ئاوی بەشێک لە گوندەکان بڕاوە و ژمارێک لە خوێندنگە و زانکۆکانی هەرێمیش داخراون.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ مێدیاکانی هەرێمی کوردستان لەوان کەناڵی تەلەڤزیۆنیی "ئن.ئار تی" و ماڵپەڕە هەواڵییەکانی "خەندان" و "ئس.ئن.ئن" ڕاپۆرتیان دا کە بە هۆی بارینی بارانێکی توند لە ڕۆژانی ڕابردوودا و درووست بوونی لافاو لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم و پڕ بوونی لە ڕادەبەدەری بەنداوەکان کە بووە هۆی هەڵڕژانی ئاو و کرانەوەی زارکەکانی ئەو بەنداوانە، زۆرێک لە شار و گوندەکان زیانیان لێ کەوتووە.
زۆرێک لە جادە و ڕێگاکانی نێوان شارەکانی هەرێم و گوندەکان لەوان ڕێگای سلێمانی بەرەو "تاسلوجە" و "دوکان" داخراون و ژمارێکیش پرد بە تەواوەتی داڕماون.
هەروەها لە ناوچەی بناری قەندیلیش ڕێگاکانی پێوەندی داخراون و پێوەندیی نیوان زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەکە پچڕاوە و "ئن.ئار.تی" راپۆرتی داوە کە لە بەشێک لە گوندەکانی هەرێم و چەن ناوچەیەکی سلێمانیش ئاوی خواردنەوەی بڕاوە.
بە پێی ئاگادارینامەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، هەموو خوێندنگە و زانکۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، چەمچەماڵ، کۆیە و بناری قەندیل داخراون و بە پێی دوایین هەواڵەکان بەشێک لە کۆلیژی کشت و کاڵی زانکۆی سلێمانیش ئاو دایگرتووە.
هەروەها "ئەکرەم ئەحمەد" لە وتووێژ لەگەڵ "ئس.ئن.ئن" وشداری دا کە ئەگەری زۆرە بە هۆی ئەو بارینە توندە و کرانەوەی زارکی بەنداوەکان لە ئێران و هاتنی ئاو لە ڕێگای ڕووبارە هاوبەشەکانەوە بۆ نێو هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی گردوپەڕی ئەو ڕووبارانە لە ناوچەی "پردێ"وە هەتا "دوکان"، بچێتە بن ئاو و هەر ئێستایش بەنداوی دوکان سەتا سەت پڕ بووە.
لە لایەکی دیکەوە ئەو بارینە توندانە بوونە هۆی ڕاگیردرانی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی ٩ کاژێر.
هێزەکانی فریاگوزار لە سلێمانی وشداریان داوە بە شاروومەندان کە بۆ پاراستنی تەندرووستی خۆیان لە ماڵدا بمێننەوە و خۆ ببوێرن لە هاتووچۆ کردن لە دەرەوە و بەتایبەت لە قەراخی ڕووبارەکان . هەروەها ڕاگەیەنداروە کە ژمارێک لەو ماڵانەی کە لە ناوچە پڕمەترسییەکاندا هەڵکەوتوون چۆڵ کراون.
لە ناوچەی کەلاریش چەن گەڕەکێکی ئەو شارە بە تەواوتی چوونەتە ژێر ئاو و کاربەدەستان وشداریان داوە بە دانیشتوانی قەراخ ڕووباری سیروان کە دەبێ خێراتر ماڵەکانیان بەجێ بێڵن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە "ئازاد محەممەد" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاریی سلێمانیش رایگەیاندووە کە هێشتا ڕادەی ورد و درووستی زەبرو زیانەکانی لافاو مەزەندە نەکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانەی لە شاروومەندان کەوتووە.