کەوتنەگەڕی چواردەھەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێب لە ھەولێر
ئەمڕۆ چواردەھەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێب بە بەشداریی ٤٢ پەخشکاری نێوخۆیی و ٣٠٠ پەخشکاری بیانی لە ٢١ وڵاتی جیھان و بە ئامادە بوونی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە شاری ھەولێر دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،ئەمڕۆچوارشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٨ی کۆچیی ھەتاوی ڕێککەوتی سێھەمی ئاپریلی ٢٠١٩ی زایینی چواردەھەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی ھەولێر بە ئامادە بوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ئەیاد عەلاوی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق و کۆمەڵێک لە کەسایەتی و کاربەدەستانی حکومەتی و ھونەری و ڕۆشنبیریی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
ئیھاب ئەلقەیسی بەڕێوەبەری ئەم پیشانگایە بە تەلەفزیۆنی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: ٣٠٠ پەخشکار لە ٢١ وڵاتی جیھان، لەوانە میسر، سووریا، تونس، لوبنان، ئەردەن، ئێران، تورکیا، بریتانیا، ھیند، ئاڵمانیاو ئیتالیا، ھاوڕێ لەگەڵ ٤٢ پەخشکاری نێوخۆیی ھەرێم و ھەروەھا ٧ پەخشکاری کتێبی کوردیی سەربە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و تورکیاو سووریا بەشداری پیشانگاکەن.
بە قسەی ناوبراو لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم پیشانگایە کە ١١ ڕۆژ دەخایەنێت، ٨٠ کۆبوونەوەو ئاھەنگی جۆربەجۆری ڕۆشنبیری و ھونەری بە بەشداریی زیاتر لە سەد نووسەرو ڕۆشنبیرو کەسایەتیی ھونەریی نێوخۆیی و بیانی بەرپا دەکرێت.