چارەسەریی کێشەی کەرکوک، تەوەری وتووێژی چاووش ئۆغڵوو و قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، لەدیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیان کردووە لەسەر چارەسەریی کێشەی کەرکوک لەڕێی ئاشتیانەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "مەولوود چاووش ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدرێژەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دووشەممە ڕێکەوتی نۆی گوڵان، لەگەڵ "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دیدار و وتووێژی کرد.
پاش ئەو چاوپێکەوتنە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: لەسەر چارەسەریی پرسی کەرکووک بەگوێرەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو ڕێکارە پێشنیارکراوەکانی خوالێخۆشبوو مام جەلال پێمان داگرت .
ناوبراو وتی: دوو لایەن پێیان داگرت لەسەر پەرەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و هەوڵی هاوبەش لەمەڕ پرسی ئاو و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵووێرە بازرگانییەکان.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها وتی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوڕاین بۆ چەسپاندنی سەقام و هێمنی لەپارێزگای نەینەواو هەوڵدان لەپێناو پێش گرتن بە هاتنەدی داعیشێکی نوێ لەناوچەدا.
تاڵەبانی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: لە وتووێژەکان لەگەڵ چاووش ئۆغڵوو جەختمان کرد لەسەر بەرنامە هاوبەشەکان لەبواری ئابوری و فێرکاریداو ئامادەیی خۆمان ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتی لە ڕێگاچارەی ئاشتیانە لە تورکیا.
شیاوی ئاماژەیە، وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممە هەشتی گوڵان گەیشتە هەولێر و رۆژێک دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە تورکمانییەکانی هەرێم دیدار و وتووێژی کرد.