دانیشتنێک بۆ دانانی نەخشەڕێگای کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i362071-دانیشتنێک_بۆ_دانانی_نەخشەڕێگای_کابینەی_نوێی_هەرێمی_کوردستان
سێ پارتی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوبەش پلانی کاریی کابینە ئامادە دەکەن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 07, 2019 13:43 Asia/Tehran
  • دانیشتنێک بۆ دانانی نەخشەڕێگای کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان

سێ پارتی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوبەش پلانی کاریی کابینە ئامادە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "کەماڵ کەرکوکی" وتووێژکاری باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەو پارتەو یەکێتی نیشتمانی وبزووتنەوەی گۆڕان دانیشتنێکی سێ قۆڵیان دەبێ بەمەبەستی ئامادەکردنی نەخشەڕێگای حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان .

کەماڵ کەرکوکی لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی ڕووداودا وتی: سێ پارتی پێکهێنەری حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگای کابینەی نوێ، دانیشتنێکی سێ قۆڵی ساز دەدەن.

هاوکات "عەلی محەممەد ساڵح" وتووێژکاری باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕەوتی پێکهێنانی حکومەتیش لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی کوردستان٢٤دا، بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی کاری و نەخشەڕێگای کابینەی نوێ بەپێویست زانی و پێی داگرت: پارتەکەی وەها دانیشتنێک بە پێویست دەزانێ.

ئێستا یەکێتیش ئامادەی ئاسایی کرانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ گۆڕان دایەو لەوبارەوە لوقمان وەردی، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستانی عێراق وتی: دان بەوەدادەنێین کە کێشەو گرفت و ناکۆکی لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا هەبوو و ئەوەش بابەتێکی ئاساییە. سێ پارتی جیاواز، دەوڵەتی ئیئتلافی پێک دێنن و هەریەکەو خاوەن ڕوانگەو بەرنامەی تایبەتی خۆیانن، بەڵام خاڵی هاوبەشی زۆریشمان هەیە.

هاوپێوەند بەو بابەتە، خەسرەو گۆران ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە بەڕێوەچوونی دانیشتنی سێ قۆڵیی نێوان پارتە پێکهێنەرەکانی حکومەتی نوێ، یەکلابووەتەوە، وتی: پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا ڕێککەوتننامەی مۆرکردووەو لەکاتێکدا کە ئەو سێ پارتە لە کابینەی نوێ ئامادە دەبن، پێویستە پلانی کاری و نەخشەڕێگای دەوڵەتیش بەڕەزامەندیی هەرسێ لایەنەکە بێ، بۆیە بێ گومان دانیشتنی سێ قۆڵی بەڕێوە دەچێ.

شیاوی ئاماژەیە یەکشەممە١٥ی گوڵانی١٣٩٨ی هەتاوی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لەسەرووی شاندێکی باڵای ئەو پارتە وەک پارتی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێانی حکومەت سەردانی سلێمانی کردو پاش دیدار لەگەڵ ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ڕێککەوتنی یەکجاریی لەگەڵ ئەوان، کۆتایی هێنان بە کێشمەکێش و کێشەی حەوت مانگانی پێکهێنانی حکومەت.

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق سی سیپتەمبەری٢٠١٨ بەڕێوە چوو و دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت هەتا ڕێککەوتنی نێوان پارتە سیاسییەکان ٢١٨ رۆژی خایاند.