شاندێکی عێراقی بەمەبەستی ڕادەست کردنەوەی پارێزگاری پێشووی کەرکوک گەیشتە بەیروت
سەرچاوەیێکی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەمرۆ شاندێکی حکوومەتی عێراق گەیشتوونەتە بەیروتی پایتەختی لوبنان، بۆ هێنانەوەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی حکومیی لە عێراق لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی عەرەبی ڕووسیا ڕایگەیاند کە شاندێکی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دراڤی و ئیداریی وڵاتەکەی رۆژی دووشەممە گەیشتووەتە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان هەتا هەوڵی پێویست بدات بۆ ڕادەست کرانەوەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی پارێزگای ناکۆکی لەسەری کەرکوک لە باکوری عێراق.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لەوبارەوە وتی: شاندێکی ئیدارەی ڕادەست کردنەوەی دەستەی دەسپاکی گەیشتووەتە بەیرووت هەتا پارێزگاری پێشووی کەرکوک بگەڕێنێتەوە عێراق.
ئەو سەرچاوە حکومەتییە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە شاندەکە بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین کەریم، نامەی فەرمانبەرێتیی لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە، و وەزارەتی دەرەەوەی ئەو وڵاتەش پشت ڕاستی کردۆتەوە، پێی داگرت کە ناوبراو لە چەند کاژێری داهاتوودا لە بەیرووت دەگەڕێندرێتەوە بەغدا.
جێی ئاماژەیە کە هێزە ئاسایشییەکانی لوبنان لەم دواییەدا پارێزگاری پێشووی کەرکوکیان لەکاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری لە شاری بەیروت قۆڵبەست کرد، بەم حاڵەشەوە ناوبراو پاش دەمێکی کورت بە وەسیقە ئازاد کرا. ئەوە لەحاڵێکدایە کە پاسپۆرتەکەی دەستی بەسەرداگیراوەو قەدەغە کراوە لە چوونەدەر لە لوبنان بۆیە ناتوانێ لەو وڵاتە بچێتەدەر.