کوژراوێک و هەشت بریندار لەئاگرکەوتنەوەی گوندەکانی کەرکووک
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i363278-کوژراوێک_و_هەشت_بریندار_لەئاگرکەوتنەوەی_گوندەکانی_کەرکووک
بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک ڕایگەیاند کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی دەورووبەری کەرکوک، کەسێک گیانی لەدەست داوەو هەشت کەسیش بریندار بوونە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 30, 2019 14:38 Asia/Tehran
  • کوژراوێک و هەشت بریندار لەئاگرکەوتنەوەی گوندەکانی کەرکووک

بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک ڕایگەیاند کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی دەورووبەری کەرکوک، کەسێک گیانی لەدەست داوەو هەشت کەسیش بریندار بوونە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ ئیدریس حاجی عادل، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک بە خەندان-ی راگەیاند: شەوی رابردوو لە سنووری قەزای داقوق داعش ئاگری لە دەغڵ ودانی جوتیارانی گوندەکانی سنووری حەوتەغار و کاکەییەکان و تاڵەبانییەکان بەرداوە.

نابراو ئاماژەی بەوەش کرد لە سنووری حەوتەغار کاتێک هاوڵاتیانی ناوچەکە ویستویانە بچن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن،چەکدارانی داعش بۆسەیان بۆداناون و، لە ئەنجامدا هاوڵاتیێک گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوونە.

 

بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک وتیشی "بە سەدان دۆنم زەوی دانەوێڵە سووتاون،لە ترسی ئەوەی کە نەکا بۆمبای چێنراو لەسەر ڕێگەکە بن، جووتیارە کوردەکان نەیانتوانیوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەولە دوورەوە تەماشای سووتانی بەرهەمی ماندووبوونی خۆیانیان کردووە، چوونکە خەڵک ئێستا وای لێهاتووە دانەوێڵەی لا گرنگ نییە، بەڵکوو مەترسی کوشتن لەسەر ژیانی خۆیان هەیە و سەلامەتی خۆیان لا گرنگترە".

ناوبراو هێزە ئاسایشییەکانی ناوچەی تۆمەتبار کرد کە پاش کۆتایی ئاگرکەوتنەوەکەو پەلاماری داعش بۆسەر گوندنشینان، هاتوونەتە ناوچەکەو بۆ پاراستن و بەرگریی لەو گوندانە هیچ هەوڵێکیان نەداوە.

لەدوو حەوتەی ڕابردوودا چەندین جار زەوی و زاری کشت و کاڵی ئاواییە کوردنشینەکان لە دیالە، کەرکووک و مەخمور سووتێندراوەو پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئەو وڵاتە چەند لیژنەی بۆ تاووتوێی ئەو ڕووداوانە پێکهێناوە.