پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەو ڕێککەوتننامەی ئاشکراکردووە، کە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراقدا واژۆکراوە.
ڕێککەوتننامەکە تایبەت بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سفرکردنەوەی کێشە و تەنگژەکانی نێوان هەردوولابووە، کە پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە دوا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا زۆر بەرهەمدار بووە.
بەشار کیکی پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لە لێدوانێکی بۆ "ئەلمەعلومە" ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و دانوستانەکانی لە بەغدا ئەرێنی و زۆر بەرهەمدار بووە.
بەشار کیکی راشیگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، کە چەند لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر پێکبێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و تەنگژەکانی نێوانیان و سفرکردنەوەی گرفتەکانیان، ئەمەش لە ڕێگەی واژۆکردنی چەند ڕێککەتننامەیەک لە نێوان هەردوولا.
پەرلەمانتاری ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگترین تەنگژەی نێوان هەرێم و بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت و ناوچە دابڕیندراوەکانن، کە دەکرێت بە ڕێبازی دەستووری چارەسەر بکرێن.
ئەوەشی وت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو لیژنانە دەستبەکاردەبن.
ناوبراو وردەکاری زیاتری لەمبارەوە نەخستەڕوو .