ئاگرکەوتنەوە لە چیاکانی ھەرێمی کوردستان لە بەر بوردومانەکانی تورکیا
دوابەدوای شاڵاوی فڕۆکەشەرکەرەکانی تورکیا بۆ سەر چیاکانی کورتەک و ئاسۆس، پوش و پاوانی ئەم چیاگەلە ئاگری تێ بەردراو سووتا.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ماڵپەڕی ھەوڵدەریی ڕۆژنیوز وای بڵاو کردووەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەشەڕکەرەکانی سوپای تورکیا چیای کوتەک لە داوێنی زنجیرەچیای قەندیل و چیای ئاسۆس لە ناوچەی ماوەتیان بە خەستی بوردمان کرد.
بەپێی ئەم ھەواڵە فڕۆکەشەڕکەرەکانی سوپای تورکیا بەرلە دەست پێکردنی بوردومانەکە ماوەیک بە نزمی لە ئاسمانی ناوچەکە خەریکی گەشت لێدان بوونەو ئینجا بوردومانەکەیان دەست پێ کردووە.
ئەم شاڵاوە ئاسمانییە بووەتە ھۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لەم چیاگەلەو لە نێو چوونی پوش و پاوانی ئەم ناوچانەو ئاگرکەش بۆ چەند کاژێرێک ھەروا بەردەوام بووە.
شاڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە بیانووی ھەوڵی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ھەل و مەرجێکدا ئەنجام دەگرێت کە میدیاکانی ھەرێم باسی چۆڵ کرانی ئەم ناوچانە لەلایەن ھێزەکانی پەکەکە دەکەن و سەرۆکی ناجیەی ناوچەی سیدەکان لە پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاندووە کە شاڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی ھەرێم لە کاتێکدایە کە ئیدی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەم ناوچانەدا نین و لە بەر بوردومانی فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا بنکەوبارەگامکانی خۆیانیان لە نزیکی ئەم گوندانە چۆڵ کردووە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بنکەی ھەواڵدەریی خواکورک سەربە پارتی لە ڕاپۆرتێکدا باسی مۆڵ درانی ھێزەکانی پەکەکەی کردووە لە ناوەندەکانی شارەکانی ھەرێم و ڕایگەیاندووە کە لەپاش توندوتیژ بوونەوەی بوردومانەکان لە لایەن سوپای تورکیاوە گەریلاکانی پەکەکە بە ئامانجێکی تایبەتییەوە چیاکانیان بەجێ ھێڵاوەو ڕوویان لە ناوەندەکانی شارو مەڵبەندەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
ھەتا ئێستا ٤٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە بەر شاڵاوەکانی تورکیا چۆڵ کراون و دەیان شارومەندی ھەرێمیش گیانی خۆیانیان لەدەست داوەو یان بریندار بوونە.