هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر پارێزگای دهۆک
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i366208-هێرشی_ئاسمانیی_تورکیا_بۆ_سەر_پارێزگای_دهۆک
دوو فڕۆکەی جەنگیی سوپای تورکیا ناوچەی زاخۆیان لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بە توندی بۆردومان کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 28, 2019 09:38 Asia/Tehran
  • هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر پارێزگای دهۆک

دوو فڕۆکەی جەنگیی سوپای تورکیا ناوچەی زاخۆیان لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بە توندی بۆردومان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ ماڵپەڕی هەواڵیی "ڕۆژنیوز" راپۆرتی دا کە ئێوارەی شەممە دوو فڕۆکەی جەنگیی سوپای تورکیا چیای "خانتوور"ـیان لە ناوچەی "درکار" هەڵکەوتوو لە "زاخۆ" سەر بە پارێزگای "دهۆک" بە توندی بۆردومان کردووە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە؛ ئەو بۆردومانە بۆ ماوەی چەن کاژێر بەردەوام بووە و زەبرێکی قورسی داوە لە دارستان و لەوەڕگە و زاوی و زارەکان و هەروەها ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەم ناوچەیە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پەلامارە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان یەکجار پەرەی سەندووە و زەبر و زیانێکی قورسی داوە لە دارستان و لەوەڕگە و زەوی و زاری هەرێم و زۆرێک لە ناوچەکانیش ئاوریان تێبەربووە.

پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پەکەکە ئەنجام دەبێ ، لە کاتێکدا کە مێدیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام باسی چۆڵ کرانی ئەو ناوچانە لە لایەن  هێزەکانی پەکەکەوە دەکەن و قایم مەقامی  ناوچەی "سیدەکان"ـیش لە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە کە بەردەوام بوونی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی هەرێم لە کاتێکدایە کە هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانەدا نەماون و لەبەر بۆردومانی فڕۆکە جەناگییەکانی تورکیا هەموو بنکەکانیان لە نزیکی ناوچە گوندییەکان چۆڵ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی هەواڵیی خواکورک سەر بە پارتی لە راپۆرتێکدا باسی سەقامگیر بوونی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە شارەکانی هەرێمی  کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە کە پاش توندتر بوونی ڕەوتی پەلامارەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، شەڕوانانی پەکەکە بە ئامانجی تایبەت، چیا و کوێستانەکانیان بەجێ هێشتووە و لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستان سەقامگیر بوون.

تا ئێستا ٤٥٠ گوندی هەرێمی کوردستان  بە هۆی پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چۆڵ کراون و دەیان شاروومەندی هەرێمیش گیانیان لە دەست داوە و ژمارێکی زیاتریش بریندار بوونە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە بە بەرپرسی ڕەوشی هەنووکە و بۆردومان کرانی بەردەوامی خاکی هەرێم لە لایەن تورکیاوە دەزانێ و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام خوازیاری چوونەدەری هێزەکانی ئەم پارتە لە هەرێمی کوردستان بووە.