رادەست کرانی ٩٠ داعشی لەلایەن هێزی دژەترۆری سلێمانی بە هێزی ئاسایشیی کەرکوک
هێزەکانی دژەترۆری سلێمانی، نەوەد کەس لە ئەندامانی داعشیان لە سلێمانی قۆڵبەست و ڕادەستی هێزی ئاسایشی کەرکووک کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "حاتەم تائی" وتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووک، لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی "کەرکووک ناو"دا ڕایگەیاند کە هێزەکانی دژە ترۆری سلێمانی نەوەد کەس لەو عەرەبانەی لەو پارێزگایەو بەتۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی داعشداو هاوکاری لەگەڵ ئەو گرووپە گرتووە، گواستۆتەوە کەرکووک و ڕادەستی هێزی ئاسایشی ئەو پارێزگایەی کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو ئەنجومەنە چەندین جار بە سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە، خوازیاری پێوشوێن گیرانی ڕەوشی ئەو کەسانە بووە کە لەلایەن هێزی ئاسایشی سەربە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی بەتۆمەتی، پەیوەندییان بەداعشەوە، قۆڵبەست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەواڵی هاوپێوەند بە گیرانی بێ هۆی عەرەبەکانی کەرکووک و ڕاگرتنی ئەوان لە بەندیخانەکانی هەرێم، ناڕاستەو گشت ئەو کەسانەو دەزگە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی، دەتوانن بەئازادانە سەردانی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هەرێمی کوردستانیش پێی داگرت، تەنیا کەسانی تۆمەتبار بە پەیوەندیی لەگەڵ داعش و دەستتێدابوون لە هەوڵە ترۆریستییەکان و تاوانەکانی دیکە، بە سەلمێندرانی تاوان، قۆڵبەست دەکرێن و لە زیندانەکانی هەرێم ڕادەگیرێن.