کورد لەبارەی دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەت بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ دروستکردنی حکومەتێکی تۆکمە، بە جۆرێک کە پشتیوانیی هەموو لایەنەکانی هەبێت، وەک کورد بەردەوامین لە گفتوگۆکردن، چونکە ئەگەر لایەنێک پشتیوانی حکومەتەکە نەبێت، ئەو کاتە کێشەی زۆری بۆ دروستدەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی لەوە کردەوە، کاری سەرەکیی ئەو حکومەتەی دروستدەبێت، ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی باس لەوە دەکات، "هەرچەندە کۆمیسیۆن ساڵێکی پێویستە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، بەڵام زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن کە هەر دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەو حکومەتەی دروستدەبێت، هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات"