لە سلێمانی پڕۆژەی نەخۆشخانەیەکی ھەزار قەرەوێڵەیی پێشنیاز دەکرێت
پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەی نەخۆشخانەیەکی ھەزار قەرەوێڵەیی پێشنیاز دەکات و داوا لە خەڵکی شارەکە دەکات ھەموو لایەک ھاوکاربن و ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.
ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "دوای ئەو هەموو پڕۆژەو دەستپێشخەرییە جوان و شایانانەی ڕۆژانە لە ئێوەی دڵسۆزەوە تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەو دابینکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان پێشکەش دەکرێن ئێمە وەک پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، سوپاس و ڕێزو پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو هەوڵ و هیممەت و هەنگاوەکانتان هەیە. هەر لێرەوە بۆئەوەی هەموو ئەو هەوڵە کەسیی و تایبەتانە، پەرت نەبن و دەستپێشخەرییەکانتان جێگای شایستەی خۆی بگرێت و ببێتە پڕۆژەیەکی تەندروستیی نیشتمانیی ستراتیژیی، بە یەکخستنی هەموو تواناو بەخشین و هاندان و بەشدارییەکانتان، پێشنیازی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی هەزار قەرەوێڵەییتان بۆ دەخەینەڕوو لەسەر زەوی دیاریکراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی".
دەشڵێت: "دەخوازین هەموو تواناکان یەکبخەین و بە هەموومان بەشداربین لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا. لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی حسابی بانکی ئەم پڕۆژەیە و رێوشوێنە یاسایی و دارایی و هونەرییەکانتان دەخەینە بەردەست".