تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی بە وەرگرتنی پلازما چاکدەبێتەوە
نیسان 08, 2020 02:40 Asia/Tehran
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی باسی لەوە کرد، یەکێک لە تووشبووەکان بە وەرگرتنی پلازمای خوێنی چاکبووەکانی پێشووتر چاکبووەتەوە و سەرکەوتووبوون لە تاقیکردنەوەکەیان.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای چارەسەر و چاودێریی، حەوت تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سلێمانی چاکبوونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سلێمانی چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 85 کەس.
لە کۆی 116 تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا تەنیا 28 تووشبوو ماونەتەوە، ئەمەش دوای چاکبوونەوەی 85 تووشبوو و گیانلەدەستدانی سێ لە تووشبووەکان.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق تاوەکو ئێستا 289 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 117 کەسیان چاکبوونەتەوە و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.