رێواز فایەق: داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان
شەوی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆی گەرمیان داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە و دوو پێشمەرگە شەهید بوون، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ئەو هێرشە ناو بەناوانە دەریدەخەن کە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر هەرێمی کوردستان.
لە پەیامێکدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانمان پێگەیشت، کە لە هێرشی تیرۆریستانی داعشدا و لەپێناوی پاراستنی خه لک گیانیان بەخشی".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشە ناوبەناوانە، کە بەداخەوە هەموو جارێک بە خوێنی ئاڵی شەهیدان بەرپەرچ دەدرێنەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
رێواز فایەق سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەکات و داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە هەستیاریی و بایەخەوە لە خۆڕێکخستنەوەی داعش بڕوانن و پێداویستییە لۆجیستی و مرۆییەکانی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەزوویی دابین بکەن.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە رایگەیاند، "ئەمە چەندین جارە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی نێوان سنوورەکانی هەرێم و هێزە عێراقییەکان دەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە. ساڵی رابردوو دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی سنووری گەرمیان کرد و تا رادەیەکی باش کەموکوڕییەکان بە تایبەت لەڕووی جبەخانەوە چارەسەرکران، بەڵام هێشتا ناو بەناو پەلاماری هێزەکانمان دەدرێت".
درەنگانی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی کوڵەجۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە هێرشێکی چەکدارانی داعش دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.